السبت , 23 سبتمبر 2017
نوێترین هەواڵ
الرئيسية » هەواڵی نوێ » بڕیارەکەی کانتۆنی جەزیرە بۆ یەکسانی ژن وپیاو، دەستکەوتێکی تری جوڵانەوەی راوەستانەوە بەرامبەر بەکۆنەپەرستی وتیرۆریزمی داعش!

بڕیارەکەی کانتۆنی جەزیرە بۆ یەکسانی ژن وپیاو، دەستکەوتێکی تری جوڵانەوەی راوەستانەوە بەرامبەر بەکۆنەپەرستی وتیرۆریزمی داعش!

image111-620x330 رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ بەرامبەر بە٩ نۆڤێمبەر، به‌رپرسانی‌ باڵای‌ كانتۆنی‌ جزیره‌ له‌خۆرئاوای‌ كوردستان (سوریا)، بڕیارێكی‌ تایبه‌تیان سه‌باره‌ت به‌مافه‌كانی‌ ژنانی‌ كورد‌و ئه‌وانه‌ش له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین، ده‌ركرد، چاودێرانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و هه‌نگاوه‌ جه‌نگێكی‌ ده‌رونیی‌ ئاشكرایه‌ به‌رامبه‌ر تێڕوانینه‌ توندڕه‌وه‌ ئاینیه‌كانی‌ چه‌كدارانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌داعش.
چه‌كدارانی‌ داعش كه‌ ئێستا خه‌لافه‌تێكی‌ ئیسلامیان به‌درێژایی‌ به‌شێك له‌خاكی‌ سوریا‌و عێراق پێكهێناوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا چه‌ندین بڕیاریان ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ژنان چۆن پۆشاكی‌ به‌ریان بپۆشن‌و جموجوڵی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵ كه‌مبكه‌نه‌وه‌، به‌وته‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ دانیشتوانی‌ ژێرده‌ستیان، داعش له‌هه‌مو ئه‌مانه‌شیان پشتیان به‌ستوه‌ به‌لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ په‌ڕگیرانه‌ی‌ شه‌ریعه‌ت.   له‌به‌رامبه‌ردا كانتۆنی‌ جزیره‌، كه‌یه‌كێكه‌ له‌سێ‌ كانتۆنه‌كه‌ی‌ خۆرئاوا، بڕیارێكی‌ 30ی‌ خاڵی‌ تایبه‌ت به‌پاراستنی‌ مافی‌ ژنان ده‌ركرد‌و به‌رپرسانی‌ روانگه‌ی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤیش له‌سوریا به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ناوه‌رۆكی‌ بڕیاره‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن، پێشوازیی‌ له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.  ئاژانسی‌ رۆیته‌رز ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر تێڕوانینه‌ تونده‌كانی‌ داعش لێكداته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌مافی‌ ژنان.
به‌پێی‌ ناوه‌رۆكی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ كانتۆنی‌ جزیره‌، داوای‌ یه‌كسانی‌ نێوان ژنان‌و پیاوان كراوه‌ له‌گشت كایه‌كانی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و گشتیدا، هه‌روه‌ها ژنان مافی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ پۆستی‌ ئیداریی‌‌و كارو وه‌رگرتنی‌ موچه‌و میراتیان هه‌یه‌. ئاژانسی‌ رۆیته‌رز ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ هێشتا رون نیه‌ كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ چۆن جێبه‌جێده‌كرێت‌و له‌روی‌ قانونیه‌وه‌ پابه‌ندبون پێوه‌ی‌ چۆنه‌. به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌كچان‌و باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ رێگه‌نادرێت به‌وه‌ی‌ كچان له‌خوار ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵیه‌وه‌ هاوسه‌رگیریی‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ داوای‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ فره‌ژنی‌ كردوه‌و ده‌ڵێت، “ژنان له‌به‌رده‌م یاسادا مافی‌ وه‌ك یه‌كیان هه‌یه‌. ژنان‌و پیاوان مافی‌ وه‌ك یه‌كیان هه‌یه‌ له‌پرسی‌ ته‌ڵاقداو هه‌مو توندوتیژییه‌كیش به‌رامبه‌ر ژنان، به‌تایبه‌تی‌ دیاریده‌ی‌ كوشتن به‌ناوی‌ شه‌ره‌فپارێزیه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت”.
ئه‌م بڕیاره‌ی‌ كانتۆنی‌ جزیره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 2 مانگه‌، چه‌كدارانی‌ داعش گه‌مارۆیه‌كی‌ توندیان خستوه‌ته‌ سه‌ر كانتۆنی‌ كۆبانی‌‌و شه‌ڕڤانانی‌ ئه‌و كانتۆنه‌ش له‌به‌رگرییه‌كی‌ سه‌ختدان له‌دژیان. هاوکات لەنیو بیروڕای گشتیدا، بڕیارەکەی کانتۆنی جەزیرە بۆ یەکسانی ژن وپیاو، بەدەستکەوتێکی تری جوڵانەوەی راوەستانەوە بەرامبەر بەکۆنەپەرستی وتیرۆریزمی داعش، ئەژماردەکرێ وڕووبەڕووی پشتێوانیەکی فاروانو گەرمی ئازادیخوازان لەهەموو بەشەکانی کوردستانو ناوچەکە بوەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەکەی کانتۆنی‌ جه‌زیرەیە:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاوبه‌ش

ده‌قی‌ ژماره‌ ٢٢ ی‌ سالی‌ ٢٠١٤

له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌نده‌کانی‌ هاوپه‌یمانی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ و به‌ ئه‌رێ کردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانان له‌ دانیشتنی‌ ٢٧ مینی‌ ساڵی‌ ٢٠١٤، پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی‌ و یاسای‌ گشتیه‌کانی‌ تایبه‌ت به‌ ژن ده‌کرد. به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هاوبه‌شی‌ کانتۆنی‌ جزره‌ ئه‌م مه‌رسومه‌ی‌ ده‌کرد:
ژنان له‌ کۆمه‌ڵگه‌مان که‌ به‌ چه‌مکی‌ نێرسالاری‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێ ڕووبه‌رووی‌ زۆر کێشه‌ی‌ سیاسی‌، کۆمه‌ڵایه‌تی‌، که‌لتوری‌ و ده‌روونی‌ بۆته‌وه‌ و ئه‌و دۆخه‌ش زوڵم، په‌راوێز خستن، دواکه‌وتوویی‌ و بێ مافی‌ بۆ ژنان لێکه‌وتۆته‌وه‌، وێرای‌ پاشماوه‌ی‌ نه‌ریتی‌ باو که‌ بۆته‌ ته‌گه‌ره‌ له‌ به‌رده‌م پێکشه‌وتنی‌ ژنان و په‌رۆشی‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی‌ باش سنوردار ده‌کات و بونی‌ چه‌ندین ڕیسا و یاسا و فاکته‌ری‌ چه‌وساندنه‌وه‌  به‌قوڵی‌ شایه‌تی‌ ده‌دات که‌ خه‌باتی‌ ژنان له‌ پێناوی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌کانی‌ دا، هێشتاش به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستا 10112014817300_jnyrojavaئه‌نجامگیر نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ش ته‌نیا کاریگه‌ری‌ خراپی‌ بۆ سه‌ر ژن نیه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵَگه‌ له‌وانه‌ش جیابونه‌وه‌ی‌ به‌ ئیراده‌یه‌ک تاک، هاوسه‌رگیری‌ زۆره‌ملێی‌، فره‌ ژنی‌ و کێشه‌گه‌لێکی‌ که‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، تارۆژی‌ ئه‌مڕۆ زۆر بارگرانیه‌.  له‌ باوه‌ڕمانه‌وه‌ به‌ گرنگی‌ ڕۆڵی‌ ژن له‌ خێزان دا که‌ کرۆکی‌ بنه‌ره‌تی‌ کۆمه‌ڵَگه‌یه‌، ئازادی‌ ژن گه‌ره‌نتی‌ سه‌ره‌کیه‌ له‌ ئافراندنی‌ خێزانێکی‌ دیموکراتی‌ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی‌ دیموکراتی‌ ئازاد و ئاستی‌ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ھه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌ چالاککردنی‌ رۆلی‌ ژن و به‌شداری‌ له‌ بونیادنان و پێشخستنی‌ کۆمه‌ڵگه‌. بۆ ئه‌وه‌ش ژن تێکۆشان ده‌کات تا ده‌سته‌به‌رکردن و گه‌ره‌نتی‌ مسۆگه‌ر بۆ پاراستنی‌ که‌رامه‌ت و به‌ده‌ستھێنانی‌ ئازادی‌ و مافی‌ خاوه‌نداری‌ کردنی‌ له‌ خۆی‌ و رۆله‌کانی‌. له‌ ئێستا به‌ دواوه‌ ڕازی‌ نابێ به‌ په‌راوێز کردنی‌ . بزوتنه‌وه‌یه‌کی‌ که‌ ئازادی‌ بکات پێداویستیه‌کی‌ ده‌ستلێبه‌رنه‌دراوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ھه‌موو جۆره‌ دواکه‌وتویی‌، توندوتیژی‌ و کوشتن.
له‌ کاتێکدا که‌ گه‌ره‌نتی‌ کردنی‌ ئازادی‌ ژن و مافه‌کانی‌ له‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌کی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتی‌ دا ده‌بێ، ھه‌موو پرسه‌ ھه‌ڵواسراوه‌کانی‌ ژن له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا چاره‌سه‌ر بکرێن و ئاستی‌ له‌ ھه‌موو بواره‌کان دا به‌رز بکرێته‌وه‌ و ژیانێکی‌ ئارام بۆ مسۆگه‌ر بکرێ و بپارێزرێ له‌ ئاست ھه‌موو چه‌وساندنه‌وه‌، توند و تیژیه‌ک و مافه‌ ڕه‌واکانی‌ گه‌ره‌تنی‌ بکرێ. له‌ پێناوی‌ ھه‌موو ئه‌وانه‌دا کۆمه‌ڵێ پره‌نسیپ و بنه‌مای‌ گشتی‌ تایبه‌ت به‌ ژنمان بۆ یه‌کسانی‌ کرده‌یی‌ گه‌ڵاڵه‌ کرد، له‌ پێناوی‌ بونیادنانی‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی‌ دیموکراتی‌ ژینگه‌یی‌ ( ئه‌کۆلۆژی) ئازاد.

پره‌نسپه‌ سه‌ره‌کیه‌کان:
1.  تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ر عه‌قلیه‌تی‌ ده‌سته‌لاتداری‌ کۆنه‌په‌رست له‌ کۆمه‌لگه‌دا، ئه‌رکی‌ ھه‌موو تاکێکی‌ ھه‌رێمه‌کانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتیه‌.
2.  یه‌کسانی‌ له‌ نیوان ژن و پیاو له‌ ھه‌موو بواره‌کانی‌ ژیانی‌ گشتی‌ و تایبه‌تی.
3. ژن مافی‌ ھه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن و وه‌رگرتنی‌ ھه‌موو پۆسته‌کانیان ھه‌یه‌.
4.  پابه‌ندبوون به‌ پره‌نسیپی‌ ھاوسه‌رۆکی‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی‌ ھه‌موو ده‌زگاکان دا.
5.  ژن مافی‌ دامه‌زراندنی‌ رێکخراوه‌ سیاسی‌، کۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئابوری‌، که‌لتوری‌، رێکخراوه‌ی‌ پاراستنی‌ ڕه‌وا و رێکخراوه‌ی‌ تری‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان ھه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ل ھاوپه‌یمانی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناکۆک نه‌بێ.
6. ئاماده‌بونی‌ نوێنه‌ری‌ ڕێکخراوه‌کانی‌ ژنان و رێکخراوه‌کانی‌ مافی‌ مرۆڤ وه‌ک چاودێر له‌کاتی‌ دارشتنی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ که‌ له‌ کاتی‌ نائاسایی‌ دا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانان ده‌رده‌کرێ به‌ بانگھێشتێکی‌ پێشوه‌خت له‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌.
7.  کاتێ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانان یاسایه‌کی‌ تایبه‌ت به‌ ژن ده‌رده‌کرێ، ده‌بێ ئیراده‌ی‌ ژن ڕه‌چاو بکرێ.
8. یه‌کسانی‌ له‌نێوان پیاو و ژن له‌ مافی‌ کار و کرێ.
9. یه‌کسانی‌ له‌ نێوان شایه‌تی‌ ژن و شایه‌تی‌ پیاو له‌ ڕووی‌ به‌ھای‌ یاساییه‌وه‌.
10. قه‌ده‌غه‌یه‌ کچان بێ ره‌زامه‌ندی‌ خۆیان ھاوسه‌گیریان پێ بکرێ
11. ماره‌یی‌ به‌تاڵ ده‌کرێته‌وه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕووی‌ مادییه‌وه‌ ئامانج به‌ موڵک کردنی‌ ژنه‌ و له‌ جێی‌ ئه‌وه‌ به‌شداری‌ ھه‌ردوو لایه‌ له‌ دابین کردنی‌ ژیانێکی‌ ھاوبه‌ش.
12. ڕێکخستنی‌ پێشینه‌ی‌ ھاوسه‌رگیری‌ به‌ شێوه‌یه‌کی‌ شارستانیانه
13. قه‌ده‌غه‌ کردنی‌ فره‌ ژنی.
14. ھه‌ردوو لا مافیان ھه‌یه‌ که‌ داوای‌ جیابونه‌وه‌ بکه‌ن و ناکرێ جیابونه‌وه‌ به‌ ئیراده‌ی‌ تاک لایه‌نه‌ بێ.
15. یه‌کسانی‌ له‌ نێوان ژن و پیاو له‌ ھه‌موو پرسه‌کانی‌ میراتی.
16. قه‌ده‌غه‌کردنی‌ شیربایی‌ ، ژن به‌ ژن و ژن له‌ جیاتی‌ خوێن.
17. کوشتن به‌ پاساوی‌ شه‌ره‌ف تاوانه‌ و له‌ ڕووی‌ مادی‌، مه‌عنه‌وی‌ و یاساییشه‌وه‌ وه‌ک تاوان ده‌بینرێ و ئه‌نجامده‌ری‌ سزا ده‌درێ به‌پێی‌ یه‌و ده‌قه‌ یاسایانه‌ی‌ که‌ له‌ یاسای‌ سزاکانی‌ تایبه‌ت به‌ کوشتنی‌ به‌ ئه‌نقه‌ست دا ھه‌یه‌.
18. سه‌پاندنی‌ سزای‌ توند له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی‌ خیانه‌تی‌ ھاوسه‌ری‌ به‌ یه‌کسانی‌ بۆ ھه‌ردوولا.
19. بازرگانی‌ کردن به‌ منداڵ و ژنانه‌وه‌ به‌ ھه‌موو جۆره‌کانیانه‌وه‌ تاوانه‌ و ئه‌نجامده‌رانی‌ سزای‌ توند ده‌درێن ھه‌موو بواره‌کانی‌ بازرگانی‌ (به‌کارھێنانی‌ جنسی‌، کارکردن به‌ مندالان و بازرگانی‌ کردن به‌ ئۆرگانه‌کانی‌ جه‌سته‌).
20. توندوتیژی‌ جیاکاری‌ له‌ دژی‌ ژن قه‌ده‌غه‌یه‌ و جیاکاری‌ وه‌ک تاوان ده‌بینرێ و به‌پێی‌ یاسا سزای‌ ھه‌یه‌ و له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌ری‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتیه‌ که‌ ھه‌موو جۆره‌کانی‌ توندوتیژی‌ جیاکاری‌ قه‌لاچۆ بکات، له‌ رێی‌ میکانیزمای‌ یاسایی‌ و خزمه‌تگوزاری‌ و دابین کردنی‌ پاراستن و به‌رگرتن و چاره‌سه‌ری‌ قوربانیانی‌ توندوتیژی.
21. له‌سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتیه‌ که‌ مافی‌ مندالان  گه‌ره‌تنی‌ بکات و له‌ ھه‌موو جۆره‌ توند و تیژی‌ و ئیستغلال کردنێک.

حوکمه‌ گشتیه‌کان :
22.  دابین کردنی‌ مافی‌ یه‌کسانی‌ ژن و پیاو تایبه‌ت به‌ یاسای‌ ڕه‌گه‌زێتی.
23. به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتی‌ له‌ سه‌رێتی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و کۆمه‌لایه‌تی‌ بۆ تاک و خێزان به‌ تایبه‌تی‌ مندالان و ژنان دابین بکات و بناغه‌ی‌ سه‌ره‌کی‌ ژیانێکی‌ ئازاد و ئابرومه‌ندانه‌ و پاراستن بۆ ژنانی‌ بێوه‌ژن و به‌ساڵاچوو ده‌سته‌به‌ر بکات.
24. ھاوسه‌رگیرکردن به‌ کچان قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌ ژیر هه‌ژده‌ ساڵیه‌وه.
25. ژن مافی‌ دایکایه‌تی‌ (له‌خۆگرتنی) مندالی‌ ھه‌یه‌، تا منداڵ ده‌بێته‌ ١٥ ساڵ ئه‌گه‌ر دایکه‌ ھاوسه‌گیری‌ کردبێته‌وه‌ یان نه‌یکردبێته‌وه‌ .و دوای‌ ئه‌وه‌ش مافی‌ بژار بۆ منداڵداکانه‌ و له‌سه‌ر ھه‌ردوولاشه‌ که‌ جێی‌ نیشته‌جێیبون و خه‌رجی‌ بۆ منداله‌که‌ دابین بکه‌ن به‌ درێژایی‌ کاتی‌ له‌ خۆگرتن.
26. له‌کاتی‌ سه‌فه‌ر کردنی‌ مندالان له‌ ژێر ته‌مه‌نی‌ ١٥ ساڵه‌وه‌ ده‌بێ مۆله‌ت له‌ دایک و باوک وه‌رگرن.
27. له‌ که‌یسه‌کانی‌ تایبه‌ت به‌ ژن و خێزان له‌ دادگاکان دا ده‌بێ نوێنه‌رێک له‌ ناوه‌ندی‌ ژنانه‌وه‌ ئاماده‌بن و راکه‌یان راوێژکاریه‌ و ناچاری‌ پابه‌ندبوون نیه‌.
28. ژن مافی‌ مۆله‌تی‌ دایکایه‌تی‌ موچه‌داری‌ ھه‌یه‌ و تا سێ جار منداڵخستنه‌وه‌.
29. له‌ حاله‌تی‌ جیابونه‌وه‌دا، ژن مافی‌ ئه‌و شتانه‌ی‌ ھه‌یه‌ که‌ داویه‌تی‌ له‌ کاتی‌ ھاوسه‌گیریدا له‌ ئاڵتون بێ یان ھه‌ر شتێکی‌ له‌ ھه‌مان به‌ھا بێ، ئه‌گه‌ر لای‌ خۆی‌ بێ یان ھاوسه‌ره‌که‌ی‌ خه‌رجی‌ کردبێ.
30. له‌ سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ری‌ دیموکراتیه‌ ناوه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی‌ له‌ سه‌روبه‌ندی‌ سکپڕی‌ دا سزادراون، یان شیرده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌که‌ به‌ پێی‌ دۆخی‌ دووگیانی‌ یان حاله‌تی‌ ساواکه‌یان بێ.
ئه‌م یاسایه‌ له‌ دوای‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی‌ کاری‌ پێ ده‌کرێ

عامودێ ٠١/١١/٢٠١٤

ھاوسه‌رۆکانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ کانتۆنی‌ جزیره
ھدیه‌ عه‌لی‌ یوسف – حمیدی‌ دھام العاسی

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*